یەکەم: بەھانەوەچوونێك ئەخلاقییە، لە دین و نەتەوەو مەزھەب و ڕەگەزو نەژادی لێقەوماوو کارەساتبار نەپرسرێت. ھاوبەشی لەدین و نەتەوەو شتیتردا ، بە پاڵنەری ئیزافی دابنرێن نەك دیاریکەری بڕیار، چونکە ئەخلاق ڕێکخەری پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە بە جیاوازی  ناسنامەکانیانەوە.

سەرچاوەی ھەستی ئەخلاقیش ویژدانی ئەخلاقییە، کەخوای گەورە بەھەموو مرۆڤێکی بەخشیوە بێ جیاوازی چونکە بەدەرلەوە لە مرۆڤ بوون دەکەوێت. بەحوکمی ئەوەی جیاکەرەوەیەکی مرۆڤە لە گیاندارانی تر.

دووەم: بەرژەوەندی سیاسی دابڕاو لەھەستی ھاودەردی و دەرھاویشتە ئەخلاقییەکانی بەھاناوەچوونی تێکەڵ نەبێت، چونکە ساتەوەختی بەھاناوەچوون، ساتەوەختی وەستاندنی کارکردنە بەلۆژیکی قازانج و بەرژەوەندی ماددی ڕۆژانی ئاسایی، کە ململانێ و ھەوڵدان بۆ دەستخستنی زۆرترین و گەورەترین پشك، بەشێ لە لۆژیك وچوارچێوەی ھەوڵدان بۆ دەست خستنییان پێکدەھێنن. بۆیە دەکرێت ئامانجی سیاسی ھاوشێوەی:

 شکاندنی بەربەستە دەروونییەکان، زیاتر لێک نزیک کردنەوەی نەتەوەو شوێنکەوتووانی ئاینەکان و وڵاتان لەیەکتری و کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرگا کردنەوە بۆ لێک تێگەیشتنی زۆرتر، ئامانجی دووەمی پرسی بەھاناوە چوون پێکبێنن، چوونکە ئەو ئامانجانەش لەجەوھەردا ئەخلاقین. تەنانەت ئەگەر لەداھاتوودا فراوانبوونی بازرگانی و تێکەڵبوونی بەرژەوەندی ماددی لە بەھاناوە چوون کەوتەوە، بەمەرجێ پاڵنەری یەکەم نەبووبێت و دەرھاویشتەیەکی سروشتی ئەو پێکبێنێت، دیسانەوە ئاساییەو نائەخلاقی نییە.

سێھەم: تێکەڵ نەبوونی بە ڕووپامایی خۆنواندن و ھەڵکێشان، چونکە ئاماژەیە بە گەورە بوونی گرێی منی باڵاو خود سەنتەری، لەکاتێکدا دۆخەکە ئەویدی سەنتەری دەخوازێت، واتە مرۆڤی لێقەوماو، لە بیرکردنەوەو ڕەفتارتدا ببێت بەسەنتەر. نەك ھەر ھەست بە ئازارەکانی بکەیت و ھەوڵی کەمکردنەوەیان بدە، بەڵکو بەرژەوەندی و پێویستی ئەو لەدۆخی لێقەومان و کارەساتباریدا پلەیەك بێت و خۆنەویستی ببێتە ناونیشانی جۆری مامەڵەکردن. بەڵام ئەمە بەپلەی یەکەم پەیوەندی بە ھەست و نیازو پاڵنەری مرۆڤی بەھاناوە چوەوە ھەیە.

 بۆیە ئەگەر لەو ڕوانگەوە ئامانج لەدەرخستن، پێشەنگی جوان نیشاندان، ھاندانی ئەوانی دی و بەرگریکردنی ڕەوا بێت لەخۆی وەك مرۆڤێکی خاوەن ھەست وویژدانی مرۆڤایەتی- بەتایبەتیش سەبارەت بە دەوڵەمەندەکان- سنووری ئەخلاق تێناپەڕێنێت.

ئەمە تەنھا چەند ئاماژەیەك بوو لەسەر بەھاناوە چوونی ئەخلاقی، بەگشتیش ساتەوەختی کارەسات و لێقەومان  سەبارەت بە تاك و کۆمەڵگەو گەلان، ساتەوەختی تاقیکردنەوە ئەخلاقییە گەورەکەیە.